2
پشتگوێ نەخستنی ڕزگاری
1 لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، 2 چونکە ئەگەر پابەندبوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، 3 ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە، 4 خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.
عیسا وەک براکانیەتی
5 ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. 6 بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە:
[مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
7 بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
8 تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.]* زەبوورەکان 8:4-6.
کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. 9 بەڵام عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەموو کەسێک مردن بچێژێ.
10 لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو. 11 عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات. 12 دەفەرموێ:
[ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
لەناو کۆمەڵدا† یۆنانی: کڵێسا. ستایشت دەکەم.]‡ زەبوورەکان 22:22.
13 هەروەها:
[من پشت بەو دەبەستم.]§ ئیشایا 8:17.
دیسان:
[ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە خودا پێیداوم.]* ئیشایا 8:18.
14 بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، 15 ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون. 16 بە ڕاستی ئەوە بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە. 17 لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت† ئەو قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات. لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک. 18 لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.
*2:8 زەبوورەکان 8:4-6.
†2:12 یۆنانی: کڵێسا.
‡2:12 زەبوورەکان 22:22.
§2:13 ئیشایا 8:17.
*2:13 ئیشایا 8:18.
†2:17 ئەو قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.